لەمیانی پێشوازیکردنی لە جێگری وەزیری بەرگری سعودیە.. سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و رۆڵی عێراق لە چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە

2021/05/11

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٥/١١ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە شازادە خالید بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، جێگری وەزیری بەرگری سعودیە.

لە سەرەتای دیدارەکەدا شازادە خالید سڵاو و رێزی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە و شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان-ی گەیاندە سەرۆک کۆمار، لە بەرامبەردا سەرۆک بەرھەم سڵاو و رێزی خۆی لە رێگەی شازادە خالد ئاڕاستەی پادشا و شازادەی جێنشینی سعودیە کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەھێزکردنی هاریکاری دووقۆڵی لە بوارە جیاجیاکان و کارکردن بە رێککەوتننامە و لێکتێگەشتنە ھاوبەش و واژووکراوەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارەکانی ئاسایش و ئابووری و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش بۆ ئاستێکی بەرزتر، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوو گەل و وڵات بکات.

هەر لەو دیدارەدا بەبایەخەوە باس لە پەیوەندی دێرینی نێوان عێراق و سعودیە کرا و دووپاتیشکرایەوە لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی دووقۆڵی نێوان ھەردوو وڵات، ھاوکات ئاماژەشکرا بۆ رۆڵی کارای سعودیە لە ناوچەکەدا، ھەروەک جەختکرایەوە لەوەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و پەیوەندییە بەھێزەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و گەشەپێدانی ناوچەکە.

لەلای خۆیەوە شازادە خالد سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری کرد و پابەندبوونی وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی، لە پێناو ھێنانەدی بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا.

Presedent

هەڵبژاردە