سەرۆک بەرھەم کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی وەرگرت
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، کارنامەی لە ھەر یەک تشوی سونگ سۆ، باڵیۆزی کۆریای باشوور و بڵقاسم مەحمودی، باڵیۆزی جەزائیر و دۆرغا براساد، باڵیۆزی نیپاڵ و پریموس سلکۆ، باڵیۆزی سلۆڤێنیا و ئەیداربێک تۆماتوف، باڵیۆزی کازاخستان و لمبیت ئیبۆ، باڵیۆزی ئیستوینا و فینسنت ئۆنیل، باڵیۆزی ئیرلەندا و مارک فارگا، باڵیۆزی سلۆڤاکیا و فاسۆ ئاسان مۆنیە، باڵیۆزی کۆماری بورکینا و فاروق مالامی یابۆ، باڵیۆزی نیجیریا و ئێفینت لێندبیک، باڵیۆزی نەرویج و میخالیس ئیواکنۆ، باڵیۆزی قوبرسی وەرگرت.
لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزانی نوێ بەجیا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ھاریکاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی تیرۆر و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
ھەر لە دیدارکەدا سەرۆک کۆمار ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لەجێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکانیان، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.
لەلای خۆیانەوە باڵیۆزانی نوێ سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد، جەختیشیانکردەوە لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکان، لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری.
Presedent