سەرۆک بەرھەم جەختدەکاتەوە سابئەی مەندائی پێکهاتەیەکی رەسەن و رۆڵی کاریگەریان گێراوە لە پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئایاری 2022 لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە شێخ ستار جەبار حلو، سەرۆکی پێکھاتەی سابئەی مەندائی و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکان.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کە سابئەی مەندائی پێکهاتەیەکی رەسەنی کۆمەڵگەی عێراقن و رۆڵی کاریگەریان گێراوە بەدرێژایی قۆناغە جیاجیاکانی وڵات لە پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و مرۆڤایەتی و پەیوەستبوون بەناسنامەی نەتەوەیی و بەشداربوون لە ئاڵینگارییەکان.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی عێراق تاوەکو ببێتەمایەیی بەھێزبوون، هاوکات دووپاتیکردەوە لە دەستەبەرکردنی مافی ھەموو پێکهاتەکان لە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی بەشداری لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دابینکردنی داواکارییەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار گوێی بۆ شاندی میوان گرت سەبارەت بە دۆخی پێکھاتەی سابئەی مەندائی و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک بەرھەم پشتیوانی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان، لای خۆیانەوە شاندی میوان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بەرزنرخاند لەدامەزراندنی بەهاکانی پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکھاتەکانی وڵات.
Presedent