سەرۆک کۆمار: شاری بەسرە و دانیشتوانەکەی پێگەیەکی گرنگیان هەیە و لە ڕابردووشدا رووبەرووی ئازار و نەهامەتی زۆر بونەتەوە ، پێویستە بەرەو پێشبچێت و دانیشتوانەکەشی سود لە خێرو بێری ببینن

2022/12/07


سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید رایگەیاند پارێزگای بەسرە و دانیشتوانەکەی پێگەیەکی گرنگیان هەیە و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی شارەکە و بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاماژەیدا بە ڕۆڵی جەوهەری عەشایەر و هاودەنگییان لە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، راشیگەیاند بەسرە پایتەختی ئابووری عێراقە چونکە هەموو بنەماکانی ئابوری لەخۆدەگرێت، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و سەرچاوە مرۆیی و سامانەکەیەوە.

 ئەم وتەی سەرۆک کۆمار لە میانی سەردانی بەڕێزیان بو بۆ پارێزگای بەسرە ، رۆژی چوارشەممە ٧ی دیسێمبەری ٢٠٢٢ بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای وزاری بۆ بینینی دۆخی راستەقینە و پێداویستییەکانی شارەکە.

 لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمار سەردانی بینای پارێزگای بەسرەی کرد و چاویکەوت بە بەڕێز ئەسعەد عیدانی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێی.  

سەرۆک لەتیف جەمال رەشید گوێی لە ڕوونکردنەوەیەکی وردی پارێزگار گرت سەبارەت بە دۆخی گشتی پارێزگاکە و ئەو ئاستەنگانەی کە پێشکەوتن و دۆخی ئاستی خزمەتگوزاری و ئەمنی و ئابووری دوادەخەن.
 
سەرۆک کۆمار دوای ئەوە ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری عەشایەری پارێزگا و کەسایەتییەکان و بەڕێوەبەرانی ناحیە و بەشە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە، کە تیایدا ئامادەبووان بەخێرهاتنی سەرۆک کۆماریان کرد، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیدانی بەڕێزیان بە شاری بەسرە و دانیشتوانەکەی نیشاندا، هەروەها وردەکارییان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و گوزەران و بارودۆخی ئەمنی پارێزگای بەسرە و دانیشتوانەکەی خستەروو.
 
فەخامەتی سەرۆک لە وتارێکدا لە میانی دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە سەردانی بەسرەی کردوە و دیداری لەگەڵ دانیشتوان و لێپرسراوانی شارەکە سازکردوە لە پێناو گوێگرتن لێیان و کارکردن بۆ پەرەپێدانی شارەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی، ئاماژەی بەوەدا بەرنامەی کاری حکومەت لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیانە لە هەموو پارێزگاکان، هەروەها باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، بەسرە پێگەیەکی بەنرخی لە دڵی عێراقییەکاندا هەیە، جێگەی سەرنجی حکومەتی عێراق و چالاکی سیاسیی و هێزە نیشتیمانییەکانە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد پێویستە دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەتی دەستوری کار بۆ پێشخستنی بەسرە و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی بکەن و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری و پەروەردەیی باشتر بکەن و قەرەبووی ئەو شارەکە بکەنەوە کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا پشت گوێخراوە.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چەسپاندنی ئۆقرەیی و سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و سیاسی پارێزگاکە لە پێناو رێگەخۆشکردن و  هاندانی جوڵەی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت، رایگەیاند، بەسرە پایتەختی ئابووری عێراقە، چونکە هەموو بنەماکانی ئابوری لەخۆدەگرێت، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و سەرچاوەی مرۆیی و سەرچاوەکانی نەوت، هەروەها تایبەتمەندی خۆی هەیە بەو پێیەی تاکە دەروازەی عێراقە لەسەر دەریا، هەروەها جوانی شارەکە، لە ڕابردوودا وەک شاری ڤێنیس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەصفکراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ، سەرۆک کۆمار  تەئکیدیکردەوە لەسەر گرنگی کاری جددی بۆ پەرەپێدانی بەسرە لە رووی ژێرخانەوە و ئاماژەیدا کە پێویستە بە پێی قۆناغی ئێستا و وەبەرهێنانی گونجاو و هەروەها بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێداچونەوە بە قانونی وەبەرهێناندا بکرێت و لە زووترین کاتدا هەموار بکرێتەوە تاکو رۆڵی  هەبێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی ئابووری بەردەوام.

سەرۆک لەتیف جەمال رەشید داوای لە هەمووان کرد بە پەرۆش و دڵسۆزانە کاربکەن بۆ پێشکەوتنی عێراق لەرێگەی  بوژاندنەوەی بواری کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی کێشەی بەفیڕۆدانی ئاو و بەکارهێنانی بە شێوازێکی ئاودێری هاوچەرخ و پابەندبوون بە مەترسی قەیرانی ئاو و راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕووبارەکان و پاککردنەوە و پاراستنی ئاودێری کەناڵەکان، بە ئاماژەدان بە گرنگی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە زامنی کۆتایی بدات بە پشکی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عێراق و نەوەکانی داهاتومان.

سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی کرد کە بەسرە میوانداری بیست و پێنجەمین پاڵەوانێتی تۆپی پێی کەنداو دەکات لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، بەو هیوایەی ئەو پاڵەوانێتییەی کە برایان لەسەر خاکی عێراق کۆدەکاتەوە، مژدەیەکی خۆش بێت بۆ عێراق.

Presedent

هەڵبژاردە