خاتوو شاناز پشتیوانی لەدروستکردنی پلاتفۆڕمی ژنانی کوردستان دەکات
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆژى چوارشەممە ١٤-١٢-٢٠٢٢، و لەمیانی پێشوازیکردنی لەوەفدێکی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لەباکووری کوردستان بەسەرۆکایەتی خاتوو نوران ئیمیر، رایگەیاند پێویستە ژنان بە هێزی زیاتر و ئیرادەی بەهێزترەوە تێبکۆشن.
لەدیدارەکەدا، جەخت لەگرنگى کاری پێکەوەیی و تێکۆشانی هاوبەشى ژنان کرایەوە لەسەر پرس و کەیسە جیاجیاکانى ژنان و کۆمەڵگە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ژنان لەسەر ئاستی کوردستاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، خانمی یەکەمی عێراق گوێى لەبیرۆکە و پلانى وەفدەکە گرت بۆ پێکهێنانی چەتر و پلاتفۆڕمێکی گشتی ژنان لەسەر ئاستى کوردستان، لەگەڵ دەربڕینى پشتیوانى خۆیدا چەندین پێشنیاز و بیرۆکەى بۆ سەرخستنى کارەکانیان پێشکەشکردن، دووپاتیشیکردەوە کەپێویستە وەک ژنانى کورد یەک دەنگ بن و ئاماژەشى بەو هەنگاو و هەوڵانەشدا کە بەردەوام کاری لەسەر کردووە لەپێناو بەهێزتربوونى پێگە و رۆڵ و یەکگرتوویى ژنان.
وەفدی میوان کە پێکهاتبوون لەچالاکوانان، ئەکادیمیست و پەرلەمانتارانی ژنی باکووری کوردستان باسیان لەوەکرد پێویستە ژنان لەناوچە جیاجیاکاندا ئاگاداری سیاسەت و تێکۆشانی یەکدی بن و چالاکییەکانیان هاوبەشی پێبکەن، لەپێناو یەکگرتن و وەستانەوە بەڕووی ئاڵنگارییەکاندا.
دواتر و لەگەڵ خستنەڕووى ئامانج و بەرنامەکانیان بەدەمەوەچوون و پاڵپشتیەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان بە گرنگ ناوبرد وەک ژنە سەرکردەیەکى دیارى کورد و خانمێکى کاریگەر و لێهاتوو لەکۆمەڵگەى کوردیدا کەشوێن پەنجەى لەپرسە جیاجیاکانى خزمەتى بەرژەوەندى ژنان و نەتەوەکەیدا دیارە.
Visible