مەسیحیەکانی هەرمۆتە کێشەکانیان دەگەیەننە خانمی یەکەمی عێراق
خانمی یەکەمی عێراق، رۆژی دووشەممە ١٢-١٢-٢٠٢٢، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی، پێشوازیکرد لەقەشە زیا شابا قەشەى گوندى هەرمۆتە و شاری کۆیە و وەفدێکى مەسیحیەکانی دانیشتووی گوندەکە.
لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە نزیکەوە گوێى لە وردەکاریى کێشە و بارودۆخی ژیانى مەسیحیەکانی دانیشتووى گوندى هەرمۆتە بوو و رایانگەیاند بەهۆی مەترسیی بۆردومانەکانی سنوورى گوندەکەیانەوە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و لەدۆخێکی خراپدان، تەنانەت ناتوانن پەرستش و رێوڕەسمە ئاینییەکانیان بۆ یادى لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و ساڵی نوێی زایینى ئەنجام بدەن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، باسیان لە کێشەو خزمەتگوزارییەکانى گوندەکەیان کرد و داواى بەدەنگەوەچوون و هاوکاریان لەخانمى یەکەمى عێراق کرد و پێیان راگەیاند: هیممەتى تۆمان دەوێت و دەزانین وەک هەمیشە دەتوانن رۆڵى کاریگەرتان هەبێت بۆ چارەسەرى کێشەکانمان.
لاى خۆیەوە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، نیگەرانى خۆى بۆ ئەو دۆخە نەخوازراوە دەربڕی کە بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنى دانیشتووى سنورەکەدا هاتووە و بەهۆیەوە دۆخێکی دەروونىی خراپ رووبەڕووی منداڵ و خێزانەکانیان بۆتەوە و وتیشى: "بەڵێن بێت بەتەنیا جێتان ناهێڵین و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان دەکەم و بێگومان درێغى ناکەین".
Visible