خاتوو شاناز ژمارەیەک کەسایەتی ئێزدی بەسەردەکاتەوە

2022/12/23


خانمی یەکەمی عێراق  بەمەبەستى پیرۆزبایی جەژنی رۆژوو ژمارەیەک کەسایەتی ئێزدی دانیشتوی سلێمانی بەسەر دەکاتەوە. 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق رۆژی هەینی 16/12/2022, سەردانی ماڵی سەگڤان مراد جندی و حاکم قاسم و حاکم ئەحمەد، کەسایەتی دیاری ئێزدیانی کرد لەشاری سلێمانی و پیرۆزبایی جەژنی رۆژووی لێکردن و هیوای خواست ئەم جەژنە کۆتایی ناخۆشییەکان بێت بۆ کوردانی ئێزدی بەتایبەت لەدوای ئەو نەهامەتییانەی بەهۆی پیلانگێڕی دوژمنانی کورد و تاریکپەرستانی داعشەوە ڕووبەرووی بوونەوە.
لەو زنجیرە سەردانانەیدا خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاند خوشک و برایانی ئێزدی شایستەی ئەوەن سروت و جەژن و نەریتە دێرینەکانی خۆیان لەسایەی ئازادی و خۆشگوزەرانی و لەبارودۆخێکی ئارامدا بەسەربەرن و جگەلەمەش هیوادارین جەژنى شادبونەوەمان بەبێ سەروشوێن بووانى ئێزیدیەکان لە شنگالى خۆڕاگر بگێڕین.
کەسایەتیەکانی ئێزدی لەو دیدارانەدا سوپاسی خاتوو شانازیان کرد بۆ پیرۆزبایی و بەسەرکردنەوەکەی، هاوکات بەگرنگیەوە باسیان لەرۆڵی سەرۆک مام جەلال کرد کە پارێزەری ئێزدییەکان و هەموو کەمە نەتەوەکان بووەو هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانیان بووە. 
جێی باسە، دیدارەکان بوونە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ژیانی ئێزدییەکان، لەوبارەیەوە کەسایەتیەکانی ئێزدی داوایانکرد هەوڵ بدرێ بۆ ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گێڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی باووباپیرانیان لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێی بەڕێوەبردن کە خزمەتی ئێزدییەکان بکات و شنگال بکەوێتە دەست شنگالییەکان.

Visible

هەڵبژاردە