سەرۆک کۆمار پێشوازی دەکات لە وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە

2023/02/02


 سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی پێنجشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٣ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە شازادە فەیسەڵ کوڕی فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی شانشینی سعودیە و وەفدی هاوڕێی.
 لە سەرەتای دیدارەکەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی سعودیە سڵاوی خادمی هەر دوو حەرەمی پیرۆز شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز و شازادە محەمەد کوڕی سەلمان شازادەی جێنشین گەیاندە سەرۆک کۆمار و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ عێراق و گەلەکەی خواست. 
هاوکات سەرۆک کۆمار سڵاوی خۆی لە رێگەی وەزیری دەرەوە گەیاند بە شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز و شازادە محەمەد کوڕی سەلمان شازادەی جێنشینی سعودی و  هیوای خواست گەلی سعودی برا لە خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتردا بێت.
 سەرۆک کۆمار پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها پەرۆشی عێراق بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەی هاریکاری لە ئاستە جیاجیاکاندا  هەروەها بۆ درێژەدان بە کار و هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لەسەر ژمارەیەک مەسەلەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە جێگەی بایەخی هەردوولان دووپات کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق و سعوودیە پێگەی گرنگ و هاوبەشیان هەیە لە پایە سەرەکییەکانی سەقامگیری ناوچەکەدا، بەتایبەت لەو هەلومەرجە ناسکەدا کە وڵاتانی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت و ئەو ئاستەنگە جۆراوجۆرانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
 سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید ئاماژەی بە سەقامگیری ئەمنیی شارەکانی عێراق کرد بەتایبەتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.
 لەبەرامبەردا ، وەزیری دەرەوە پشتیوانی شانشینی سعودی بۆ عێراق دوپاتکردەوە کە دەینێ لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی  و ئاماژەیکرد بە پێویستی کارکردن بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
 وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی لەبارەی عێراقەوە دەیبیستین ئومێد بەخشە و جوڵەی ئابووری لە عێراق لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، بەو پێیەی ئابووری ناوچەکە دەجوڵێنێت"، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە ئابووری هاوبەش بەتایبەت کە عێراق هەمەچەشنی ئابووری هەیە.
 وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەدا کە عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەیە، ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و وەبەرهێنان لە بواری غاز .
 هەر لە دیدارەکەدا باس بە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان کرا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕاوێژەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو گەلان.

Presedent

هەڵبژاردە